Archive for ژوئن, 2008

عه‌زیز‌وه‌یسی، بێوه‌ژن و کورد!

26/06/2008

1

ره‌فتاری کورد زۆرجار ئاره‌قی شه‌رم ئه‌خاته سه‌ر ته‌وێڵی مرۆڤ و تووشی رشانه‌وه‌ی ئه‌کات! هه‌واداری له ره‌ش به جێی سپی، حه‌ز له نائه‌سڵ به جێی ئه‌سڵ، راکردن به شوێن خراپ و خۆشاردنه‌وه له باش و زۆر شتی‌تر ته‌نیا دڵساردی که‌سانێکی به دوودایه که ئاواتی سه‌رکه‌وتنی نیشتمان سه‌ردێڕی هه‌موو خه‌ونه‌کانیانه!

2

دوێنێ چاوم به مه‌سه‌له‌ن گۆرانییه‌ک که‌وت که ئه‌م کابرا بۆ گه‌لی هه‌ڵپه‌ڕکێ‌که‌ری عه‌زیز‌په‌روه‌ری خوێندبوو! جه‌ماوه‌رێکی زۆر له شوێنێکی گه‌وره‌دا پشت ناوکیان هه‌ڵئه‌سووڕاند و خوماری هه‌ڵپه‌ڕکێ بوون! ” عه‌زیز ” به دووکیلۆ سمێڵه‌وه ئه‌یوت:

بێوه‌ژنه ده‌ستی دووه! ئه‌مه ئه‌گه‌ر که‌سێکی‌تر بیوتایه‌، پارێزه‌رانی مافی ژن!!! هاواریان ئه‌گه‌ییه عه‌رشی ئه‌علا و واوه‌یلایان سه‌رئه‌دا، به‌ڵام Dr.Aziz waisi قه‌یناکا! قۆڕتر له گشتی کچێک بوو که پووتینێکی ره‌شی تا بن رانی هه‌ڵکێشابوو و هه‌ر هه‌ڵی ئه‌خسته‌وه و به‌یناوبه‌ین به حه‌ز و تاسه‌وه ده‌ستی ” بیل گه‌یتس ” ی کورد، کاکه عه‌زیزی ئه‌گرت و تاوێک خۆی بائه‌دا! ” ده‌ستی دوو ” ته‌نیا به‌و شتانه ئه‌وترێت که سنراون، کاریان پێ‌کراوه و کۆن بوون!

3

عه‌زه‌ به‌مانه‌ وای نه‌هێناوه و بێ‌شه‌رمی گه‌یاندوه‌ته بن سمێڵه‌کانی و له گۆرانییه‌کی‌!!!تردا وتوویه:

شه‌ریفه باوکه‌ڕۆ!  

کچ‌ئه‌م زه‌مانه چه‌نێ رووداره       هه‌ر له حه‌وت‌ساڵه بۆ شوو خوماره!

تاڵه‌تاڵه‌ی سمێڵه‌کانی به چاو ئه‌و میلله‌ته‌ که که‌سی‌وایان به دڵه و به‌‌رزی ئه‌که‌نه‌وه!

نه‌فره‌ت له شه‌ڕ! له‌عنه‌ت له ته‌قه!

19/06/2008

1

له به‌ر ده‌رگه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی مه‌ریوان چه‌ند ژن و پیاوی ته‌پ و تۆزاویی ره‌ش و رووتی کراس دڕاو ئه‌بینم که که‌وشی لاستیکی باته‌یان له پێیه و پیاوه‌کانیان پانتۆڵی – وه‌ک خۆیان ئه‌ڵێن – ” جافی “! ئه‌مه یانێ وه‌زعیان زۆر زۆر خراپه! به کوردی باشوور ئاخافتن ئه‌که‌ن! ده‌ر ئه‌که‌وێت که خه‌ڵکی “شائاباد”ن! …

کوڕه‌که‌یان سه‌رباز بووه! یه‌کێکیان ته‌نیا حه‌وت رۆژی مابوو ته‌واو بێت! سه‌ربازییه‌ک که زه‌مانێکی نه زۆر کۆن، پێیان ئه‌وت : ” ئیجباری ” ! یه‌کێکی‌تریشیان ره‌فیق و هاووڵاتی ئه‌و بووه! له تێکهه‌ڵچوونێکدا کوژراون! له بیرم ناچێت ئاخر سه‌فه‌ره‌که‌م بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره که چۆن کوردییه‌ت به ده‌ر و دیواری “شائاباد” ه‌وه دیار بوو! چ هه‌ستێکی پاراوی کوردییان بوو ئه‌و هاونیشتمانه هاوڕه‌گه‌زانه! ئێستا له باوه‌شی کورده‌واریدا پێوه بوون و کوژراون!

2

شه‌و له هه‌واڵه‌کاندا ئه‌بیسم: حه‌وت پاسدارمان له ناوچه‌ی مه‌ریوان کوشت! لانی که‌م ئه‌و دووکه‌سه‌یان که باسم کردن سه‌ربازی ته‌واوبێ‌تاوان بوون!

نه‌فره‌ت له شه‌ڕ! له‌عنه‌ت له ته‌قه!

من ئه‌ترسم!

16/06/2008

من خاڵۆیه‌کم هه‌یه 16 ساڵه نه‌هاتووه‌ته ماڵمان! من مامه‌یه‌کم هه‌یه ساڵه‌هایه یه‌کتر ناناسین! من خه‌ر‌وارێک میمکه‌زا و خاڵۆزا و زای جۆراوجۆری‌ترم هه‌یه که ناو یه‌کترمان له بیر چووه‌ته‌وه! من کوڕێک ئه‌ناسم دایکه‌پیره‌ په‌ک‌که‌وته‌که‌ی که چاوی نابینێت، هه‌موو به‌یانییه‌ک مه‌لابانگ‌دان ئه‌هێنێته سووچی چوارڕای بیمارستان و شه‌وانه به تاریکی ئه‌یباته‌وه! ئه‌و خه‌ریکی سواڵه بۆ کوڕ و بووکێک که تا بن‌ده‌ستی خرخاڵی زێڕ و سوخمه‌که‌ی به لیره‌ی په‌‌هله‌وی جۆراوجۆره‌وه خنکاوه! من زۆر که‌سی‌تری وا ئه‌ناسم! زۆر شتی‌تری وا ئه‌بینم!

لێره هه‌موومان له یه‌کتر بێگانه‌ین! ئه‌ترسم کاتێ ئه‌مرم هێنده دێر هه‌ست به نه‌بوونم بکه‌ن که به بۆگه‌نیی که‌لاکه‌که‌مدا بزانن که له سووچی ژووری کارکردنه‌که‌م زۆر وه‌خته مردووم و نه‌یانزانیوه پێم! رێک وه‌ک ئه‌وانه‌ی هه‌موو رۆژێ له رۆژنامه‌کاندا باسیان ئه‌که‌ن!

” قاخڵی “

13/06/2008

گوڵی ” قاخڵی “

” مه‌ریوان ” – ” پایگه‌لان “

هه‌ینی – 24 ی جۆزه‌ردانی 87

کات‌ژمێر 10،24 ی به‌یانی

 

ئه‌م ره‌وگه!

10/06/2008

پاش ئه‌وه‌ی بۆ نزیک به پێنج‌ساڵ له هه‌وارگه‌ی مامۆستا و خوێندکاران گرساینه‌وه و دوای ساڵێک ره‌وگه‌نشینی، کوتووپڕ و له ناکاو شوێنێک که هاستم لێ‌گرتبوو، c-panel ه‌که‌ی قوفڵ بوو! ئه‌ڵێن ئه‌و هاستانه‌ی له U.S.A ین و نیشانی ئێرانیان پێوه دیاره وایان لێ‌هاتووه! جا من بمزانیبا وای لێ یه‌ت، ئه‌دره‌سی هائیتییه‌ک، مووریتانییه‌ک یا شوێنێکی چۆڵ له‌و جۆرانه‌م ئه‌دا! چه‌ند رۆژه به سه‌ختی خه‌ریکی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌رشیڤی شه‌ش‌ساڵه‌ی نووسینه‌کان بووم! وێنه‌کان زۆرینه‌یان فه‌وتاون به‌ڵام هه‌موو نووسراوه‌کان له یه‌که‌م رۆژه‌وه تا ئه‌مڕۆ لێره دانراوه. پێشتر له ره‌وگه‌دا له سیسته‌می Movabletype بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ڵکم وه‌ر ئه‌گرت که له ناسراوترین و به‌هێزترین سیسته‌مه‌کانی نووسین و به‌ڕێوه‌به‌رین، ئێستا ئیتر له ترسی ” ته‌حریم ” نه‌موێرا درێژه به نووسین له ره‌وگه‌ دۆت کام‌ ! دا بده‌م! ره‌وگه‌یه‌ک که تا دوو ساڵی‌تریش پووڵی کرێکه‌یم داوه، زووتر له کات چۆڵی ئه‌که‌م! داواتان لێ‌ئه‌که‌م لینکه‌کانتان به‌م نیشانییه‌ نوێیه که به سیسته‌می به‌هێزی WordPress میوانداری ئه‌کرێت بگۆڕن…

جۆزه‌ردانی 87

09/06/2008

۱۰ خرداد ۱۳۸۷

 ::   پشوو! 

   هه‌موو ساڵێ ئه‌م رۆژانه‌ی بۆ من لێواولێون له تامی دووکه‌ڵ، بۆنی کولێره‌په‌نجه‌کێشییه‌کانی خاتوو ئایشێ، که‌وشه قلووچ‌قلووچه‌ زه‌رد و سوور و ره‌شه‌کانی کاتی مناڵیم… خوێندنگه‌کان سه‌رقاڵی ئه‌زموونی کۆتایی فێرخوازه‌‌کانیانن و مامۆستاکانیش بێ‌کار! چه‌ند رۆژه له خوێندکاره‌کانم دوورم! له خوێندنگه زۆر دوورم! له فێربوون و فێرکردن زۆرزۆر دوورترم!

ئاخر، تا چوار مانگی‌تر درێژترین پشوودانی مومکین درێژه‌ی هه‌یه!

  ۶ خرداد ۱۳۸۷

 ::   خه‌و یا خۆشی؟! 

  بڕوا ناکه‌م که‌سێک بدۆزیته‌وه که ده‌مه‌و به‌یانییان – کاتێک که هێشتا خۆر سه‌ری هه‌ڵنه‌هێناوه- تینووی نه‌بووبێت و خۆی نه‌کردبێته خه‌و گوایه جارێ تینووی نییه! خه‌وه‌که به‌تام‌تر بووه له ئاو بۆیه له خواردنه‌وه خۆی شاردۆته‌وه! یان هه‌ر له‌و کاته‌دا میزه‌ڵانی هێنده پڕ بووبێت که زۆری بۆ هێنابێت به‌ڵام ناو جێگه‌ی خه‌وه‌که‌ی نه‌گۆڕیبێته‌وه به چوون بۆ مه‌سته‌راوێک که تێیدا خۆی خاڵی بکاته‌وه! ماوه‌یه‌که منیش له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خۆشم ویستوون و به ئه‌نجام‌دانیان دڵم شاد بووه خۆم ئه‌شارمه‌وه! نازانم بۆ؟! نووسین له دونیای مه‌جازی‌دا که ساڵه‌هایه بووه به هاوڕێم، ماوه‌یه‌که له ده‌روونم‌دا که‌م‌ڕه‌نگ بووه‌ته‌وه! خۆم گه‌رم کردووه! کیسه‌خه‌وه‌که‌م له گه‌ل کۆڵه‌پشتییه‌که‌م‌دا پێچاوه‌ته‌وه! سه‌فه‌رێکی چه‌ند شه‌وه‌ی “شاهۆ” به‌ڵکوو تۆزی ” شه‌پۆلی زه‌وقی میللی پڕ ده‌روونی مات و چۆڵم ” کات! تا حه‌وته‌ی داهاتوو ماوه‌م هه‌یه!