۱۳۸٤/۱٢/٢٩
سبه‌ی ساڵ تازه ئه‌بێته‌وه!
پار و پێرار و پێشتر له‌وانه‌یش له‌م رۆژه‌دا
خۆزگه‌مان خواست كه ئه‌مساڵ ” ساڵی به‌دیهاتنی ئاواته‌كانی كورد ” بێت!
وه ئه‌مه چ تیكرارێكی ناشیرین و قه‌بیح و چ كاره‌ساتێكی سامناكه!
نه ئاوهتێ به دی هات و نه ئامانجێ به ئاكام گه‌یی
بۆیه ئه‌مساڵ له نه‌ورۆزدا
به دڵێكی پڕ له شك و روانینێكی گوماناوییه‌وه!
هه‌مووتان بۆ چوونه ژووری ساڵێكی سه‌ختتر ده‌عوه‌ت ئه‌كه‌م!
ده‌ستان ئه‌گووشم و هاوڕێییتان له ساڵی رابردوودا ماچ ئه‌كه‌م!
نه‌ورۆزتان پڕ له نه‌رگس و لێواولێو بێ له تام…
۱۳۸٤/۱٢/٢٦
یه‌كه‌م هه‌نگاوی مرۆڤ ئه‌بێ هه‌وڵدان بێ بۆ سازكردنی دنیایه‌كی بێكارهسات…
رێز!
دوێنێ به مه‌به‌ستی رێزگرتن له خوێندكارانی سه‌ركه‌وتووی هونه‌رستان كه توانیویانه بڕۆنه زانكۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خۆماڵی! له هونه‌رستان سازكرا.
له‌م كۆبوونه‌وه‌دا، پێنج كچی خوێندكار كه ئه‌مساڵ چوونه‌ته زانستگه و پێشتر خوێندكاری خۆمان بوون ئاماده‌ی مه‌راسمه‌كه بوون! سه‌ره‌تا به ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان و بێده‌نگی بۆ ته‌عزیم له به‌رابه‌ر قامه‌تی پڕ له خۆری هه‌موو ئه‌وانه‌ی له رێی ئازادی و داهێنانی ژیاینێكی پڕ له حورمه‌ت بۆ مرۆڤ گیانیان به‌خت كردووه و به تایبه‌ت شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه كۆڕه‌كه رازاوه به بۆنی عه‌تری شه‌هیدان و دواتر مناڵه‌كان كه‌وتنه ئیجرای به‌رنامه‌كان و چه‌ند به‌رهه‌میی هونه‌رییان نواند! منیش چه‌ند چركه‌یه‌ك باسی ” كورد بوون هۆی جیاوازی نییه به‌ڵام مایه‌ی ئیفتخاره” م كرد و دواتر دیاری خوێندنگه پێشكه‌شی كچه‌كانمان كرا…
به‌رچاوترین دیمه‌نی كۆبوونه‌وه‌كه ئهتمۆسفێڕێكی كوردی بوو كه مناڵه‌كان خۆیان زاڵیان كردبوو به سه‌ر فه‌زای هونهرستاندا! دڵخۆشكه‌ر و شادیهێنه‌ر…
مامۆستایانی هونهرستانیش ئاماده‌ی كۆڕه‌كه بوون:
۱۳۸٤/۱٢/٢٤
1
كورد زیندووه؟؟؟!!!
ناوی ” هه‌ڵه‌بجه ” بۆ هه‌ر چینێ، یاد و بیره‌وه‌ری و ده‌سكه‌وتی تایبه‌ت به خۆی بووه و هه‌یه! پێشتر كاتێ خوێندكار بووم و به تایبه‌ت ئه‌و ده‌مانه‌ی له زانكۆدا پڕ له كوردایه‌تی! و لێواولێو له ئیحساسات بووم هه‌موو رهشهمهیهك لیژنه‌مان پێك ئه‌هێنا و یادمانمان ئه‌گرت! ئێستا ئیتر به ” ظاهر ” بڕوام نه‌ماوه! ” هه‌ڵه‌بجه ” بۆ به‌جێماوانی شاره‌كه خۆی ته‌نیا نه‌هامه‌تی و شێواندنی شیرازه‌ی ژیانی به دواوه بووه! كوردیش بچووكترین ده‌سكه‌وتی لێی نه‌بووه! وتم كورد، نه‌ك حیزبۆكهكانمان! ئیتر نازانم! ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا، كاتێ ” هه‌ڵه‌بجه “م له نزیكه‌وه دی، هه‌رچی له‌عنه‌تم شك ئه‌برد ناردم بۆ ئه‌وانه‌ی له سه‌ر ناوی ” هه‌ڵه‌بجه ” ه‌وه نانیان خواردوه و ئه‌خۆن و هیچ غهڵهتێكیان بۆ شاره‌كه نه‌كردووه! یادی سه‌رجه‌م شه‌هیدان به خێر و جێیان سه‌وز…
2
ئاخ ره‌قیب!
گۆرانیبێژێك زوو به زوو له كه‌ناڵه ئاسمانییه كوردی شێوێنهكانی باشووره‌وه شتێك ئه‌خوێنێ كه له به‌شێكیدا هه‌ر چی وشه‌ی “ط” و “ص” داری عه‌ره‌بییه وه‌ك عه‌ره‌به‌كان و به زاراوه‌ی ئه‌وانه‌وه به‌ڵام به كوردی! ئا وا ئه‌خوێنێ: ( نازانم ئێوه‌یش بیستووتانه؟!)
زهڕرهیهك خاكی وه‌طه‌ن ناده‌م به قه‌صری قه‌یصه‌ری…!!!
له رێگه‌ی مه‌ریوان – سنه و له 13-12 كیلۆمه‌تری مه‌ریوان، به‌م نزیكانه تابلۆیه‌كیان داناوه به‌م جۆره:
بڕوانن چۆن ” تریفه ” ی كوردی‌یان به “طريفه ” نووسیوه! موباره‌كه! كورد كه‌وتووه‌ته عه‌ره‌بی سازی زمانه‌كه‌ی! جا چ گۆرانیبێژ بێت چ مریشكفرۆش!!! ( ئێستا له مه‌ریوان كه‌سێ بییه‌وێ مریشك بسێنێت، ئه‌ڵێت: ئه‌ڕۆم په‌تایه‌كی باڵنده ئه‌سێنم!!!)
3
كۆچ و ماڵ!
چه‌ند رۆژه سه‌رقاڵی گوێزانه‌ی ماڵین له ” سه‌وڵاوا ” وه بۆ ” مه‌ریوان “! هێنده سه‌رم گه‌رم بووه به كاره‌وه كه نه‌مپه‌رژاوه ئێره بڕۆژێنم! داوای لێبوردن له‌وانه‌ی ئه‌هاتن و هه‌روا ئه‌گه‌ڕانه‌وه!
۱۳۸٤/۱٢/۱٥
ئیمڕۆ عه‌سر هه‌موو كچه‌كانم هاتبوون بۆ لای ” نیان ” ! به شلووقی و قسه‌خۆشی تایبه‌ت به خۆیان! ” شایسته ” نه‌قشی كراسه كوردییه‌كه‌ی پڕ بوو له ئاڵا! ” زه‌ینه‌ب ” سێ ماسی سووری له ناو شیشهیهكدا به ده‌سته‌وه گرتبوو! ” مه‌عسوومه ” وه‌كوو هه‌میشه ره‌ئیسی كلاس بوو و گه‌وره! ” هێرۆ ” كراسێكی كوردی سووری جوانی له به‌ر بوو! ” مه‌هناز” و ” نگار ” له گۆشه‌یه‌كه‌وه خه‌ریكی چپه بوون! هه‌ر دوو ” سروه ” یش بوون! یه‌كێكیان ئارام و بێده‌نگ و یه‌كیتریان پڕ جووڵه و قسه! “دڵكه‌ش” خه‌ریكی شیرینی بڵاو كردنه‌وه بوو! ” ته‌رزه ” و ” سوره‌ییا ” كه مامۆستای وردهقسهی كوردی كۆنن! ” ئیلهام” وه‌كوو هه‌میشه لێو به بزه و پێكه‌نین و ” دڵبه‌ر” یش له ته‌نیشتیدا دانیشتبوو! “نه‌رگس” و ” مریه‌م” و “په‌ره‌ستوو” كه بێده‌نگی و هێمنی ههمیشههیییان هه‌یه!… له‌ززه‌تی ئه‌م چركانه له ژینی مامۆستاییدا، هه‌وێنی ژیان و گوزه‌رانه! ناخۆشترین به‌شی سه‌ردانه‌كه‌ی كچه‌كان، دیارییه‌ك بوو بۆ “نیان” كه چون زه‌حمه‌تی زۆری بووبوو بۆیان، تێر پێم ناخۆش بوو! ئاواته‌خوازم تا ئاخر بتوانین له خۆشی یه‌كتردا به‌شداری بكه‌ین!
” نیان ” كه پاڵ كه‌وتووه و كچه‌كانیش هه‌ر چێ عه‌زێتیان كرد كه له خه‌و هه‌ڵسێ! نه‌یانتوانی! :
۱۳۸٤/۱٢/۱٤
پاك و ته‌میس و سه‌رنجڕاكێش!
شوێن: ” سنه ” ، ” ده‌ور مه‌یان ” ، به‌رانبه‌ری ” دخانیات ” ، خوارتر له ” سرای حامی “
كات: شه‌ممه، 13 ی ره‌شه‌مه‌ی 84 ، كاتژمێر 11:24 ده‌قێقه‌ی
ماوه‌یه‌كی زۆره، هه‌رجار كه دێمه ” سنه ” ، ژنێكی باڵاكورتی خوێن‌شیرین كه له نه‌خۆشییه‌كی سكماكی ره‌نج ئه‌بات، له‌م شوێنه‌ی كه وێنه‌م گرتووه ئه‌بینم! هه‌ر ته‌كسییه‌ك كه موسافێر سوار ئه‌كات، شۆفیره‌كه‌ی پاره‌یه‌كی ئاسنی له ناو ده‌ستی دائه‌نێت! جله‌كانی به‌ری پڕ له ره‌نگ و كوردیی ته‌واون! چ سه‌لیقه‌یه‌كی خاوێن و بێگه‌ردی هه‌یه! پاك و ته‌میس و سه‌رنجڕاكێش! ملی پڕه له مووروی جوان و ملوێنكی ره‌نگاوڕه‌نگ و سمڵ و مێخه‌ك! دیتنی هه‌ستبزوێن و خاوێنی و بێگه‌ردی رۆحی، سهفابهخشه:
۱۳۸٤/۱٢/٩
ئاشتی!
- یه‌كه‌م: كاتێ منداڵ بووم به پێی عاده‌تی منداڵیمانه‌وه زوو زوو له گه‌ڵ دۆست و هه‌ڤاڵاندا ئه‌بوو به ناخۆشی منداڵانه‌مان و له یه‌ك ئهتۆراین! سورعه‌تی قین كردنهكانمان هێنده زۆر بوو كه كاتێ پاش چه‌ند دهقیقیه یان سه‌عاتێك ئاشتمان ئه‌بووه‌وه خۆیشمان له بیرمان ئه‌چووه‌وه كه هۆی قین كردنمان له یه‌ك چی بووه! جا ره‌سم و ئادابی تۆراندن و قین كردن وا بوو كه قامكی ئیشاره‌مان له یه‌ك گرێ ئه‌دا و شێوه‌ی ئاشتیش بریتی بوو له لێك دانی قامكی تووته له یه‌كتر! ئه‌گه‌ریش ویستبامان بێ ئاشت كردنه‌وه به یه‌كه‌وه قسه بكه‌ین ئه‌بوایه بمانوتایه: ” به زمانی خاكی و پاكی …! “.
- دووهه‌م: ئه‌مڕۆ زانیم كه دووان له كچه‌كانم به یه‌كه‌وه قارن! به‌ڵام نه‌ك تۆراندن به شێوه‌یی منداڵی خۆمان به‌ڵكوو نائاشتییهكی پێنج ساڵه! سه‌ره‌تا كه‌وتمه قسه بۆیان! یانێ زه‌نگێكی دوو سه‌عاتی ته‌واو كه ئه‌بوایه ” شبكه ” مان خوێندبا، ته‌رخان كرا بۆ “پێویستی ئاشتی پته‌و نێوان هه‌موومان ” ! ئه‌مجا بۆ زه‌نگی دواتر بهڵێنیماندا كه رۆژی داهاتوو، رۆژی ئاشتی بێ! له یه‌ك خۆش بوونی ” سروه ” و ” حه‌میده ” ! كهیكێكی خامهییم سهفارشدا!
ئه‌مڕۆ عه‌سر، له كلاسدا به خۆشی ئاشتی و هیوای خوشكی و برایی نێوان هه‌موو ئینسانه‌كان ( بێ ئێوه ناخۆش ) خواردمان! خۆم و “زه‌ینه‌ب” به‌شمان كرد و به كاردێك بڕیمان و دواتر زه‌ینه‌ب خۆی ژێستێكی ئاوای گرت:
و ئاواتمان خواست كه ئیتر هه‌رگیز دووبه‌ره‌كی نه‌که‌وێته نێوان هیچكاممان و هیچ مرۆڤێك…
” نیان “
چه‌ند رۆژه به ته‌واوی له هه‌موو شتێك بووم!
ئاخری پاش ماوه‌یه‌ك ماتڵی و دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، ئیمڕۆ كاتژمێر 4:48 ی دوانیوه‌ڕۆ ” نیان ” له دایك بوو! كچه‌كه‌مم كورته‌یه‌ك پاش له دایك بوونی گرته باوه‌ش و ناوی نیشتمانی دایكم بۆ یه‌كه‌م وشه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی چرپاند به گوێیدا! هیوادارم هه‌موو ته‌مه‌نی ته‌رخان بكات بۆ خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی و بێ به سه‌ربازێكی فداكار بۆ نیشتمانی و پێ و قه‌ده‌می خێر بێت! قسه‌ی زۆر و پڕ له مه‌غزم پێیه بۆتان كه دواتر ئه‌ینووسم! جارێ خۆم و ” ئاوات ” سه‌رمان شلووقه!